ماڵپەڕی ئەلکترۆنیی نورا (NORA) سەبارەت بەمانەی خوارەوەیە:

مافی بڕیاردانی شەخسیی، وە مافەکانت لە نەرویج

کارێکی دڵسۆزانە و سروشتییە دایکوباوک هەندێک سنوور بۆ منداڵەکانیان دابنێن. لە هەمانکاتدا سروشتییە منداڵەکانیش پاش ئەوەی گەورەتر دەبن، دەرفەتی زیاتریان هەبێت خۆیان بڕیارەکان بۆ خۆیان بدەن.

لە ئێستادا هەندێک منداڵ و نەوجەوان هەست دەکەن کە ڕێگەیان پێنادرێت لە چالاکیی کاتی بەتاڵدا بەشدار بن، یان خۆیان بڕیار لەسەر شتی گرنگی ناو ژیانی خۆیان بدەن. جار هەیە هەست دەکەن زۆر کۆنتڕۆڵ لەسەر ئەوە هەیە کە چی دەکەن و لەگەڵ کێ تێکەڵ دەبن. هەندێک منداڵ و نەوجەوان ئەگەر بە دڵی خانەوادەکەیان نەکەن توندوتیژییان بەرامبەر دەکرێت، یان هەڕەشەیان لێ دەکرێت. هەندێکی تر گوشار و قسەیان نایەتە سەر لەلایەن خانەوادەی خۆیانەوە، بەڵام لەلایەن دۆست و هاوڕێ و کەسانی تری سەر بە هەمان کولتورەوە گوشاریان دێتە سەر و ڕەخنە دەکرێن.

لە بڕیاردانی گرنگدا، بۆ نموونە بڕیاردان لەسەر ئەوەی چی خوێندنێک بخوێنیت یان لەگەڵ کێ زەواج بکەیت، زۆر گرنگە بڕیارەکە بڕیاری خۆت بێت. ئەوە لە نەرویجدا بە یاسا چەسپێنراوە. یاسای منداڵان لە نەرویج لەژێر کارکردی پەیماننامەی نێونەتەوەیی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا داڕێژراوەتەوە.

پەیماننامەی مافەکانی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت کە منداڵ مافگەلێکی هەیە، وە منداڵ هەر کێ بێت و لە هەرکوێ بێت، دەبێت ژیانێکی شایستەی هەبێت.

ئەو یاسایانەی لە نەرویجدا کاریان پێ دەکرێت

ئەمانەی خوارەوە چەند یاسایەکی هەڵبژاردەن:

  • منداڵ کە تەمەنی ١٥ ساڵیی پڕ کردۆتەوە، خۆی بڕیار دەدات چی خوێندنێک بخوێنێت، وە ئایا دەبێتە ئەندامی چی ڕێکخراوێک یان واز لە ئەندامەتیی چی ڕێکخراوێک دەهێنێت.
  • سنووری تەمەن بۆ زەواجکردن لە نەرویجدا ١٨ ساڵە، وە کارێکی نایاساییە بە گوشار زەواجێک فەرز بکەیت بەسەر کەسێکدا.
  • تەمەنی یاسایی بۆ کاروباری تەندروستیی لە نەرویجدا ١٦ ساڵە. کاتێک تەمەنی ١٦ ساڵیی پڕ دەکەیتەوە، ئیتر خۆت دەتوانیت سەردانی دکتۆر بکەیت یان بچیت بۆ نەخۆشخانە و قسە لەسەر هەرچییەک بکەیت کە خۆت دەتەوێت - بەبێ ئەوەی هیچ کەسێکی تر پێی بزانێت.
  • گەر تەمەنت سەرووی ١٢ ساڵ بێت و خانەوادەکەت بیانەوێت سەفەر بۆ دەرەوەی وڵات بکەن، دەبێت پرسیارت لێ بکرێت ئایا پێت خۆشە سەفەریان لەگەڵ بکەیت یان نا.
  • هەموو جۆرە خەتەنەکردنێک بۆ کچان بە توندیی قەدەغەکراوە.
  • قەدەغەیە فەرمانگەی حکومیی لە نەرویج منداڵ وەک وەرگێڕ بەکار بهێنن. ئەگەر تۆ یان دایکوباوکت کۆبونەوەیەکتان هەبێت لەگەڵ فەرمانگەیەکی حکومییدا لە نەرویج، ئەو فەرمانگەیە لەسەرێتی وەرگێڕتان بۆ بهێنێت ئەگەر پێویستتان پێ بێت.

پەیماننامەی نێونەتەوەیی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان

ئەمانەی خوارەوە تەنها چەند یاسایەکی هەڵبژاردەن:

  • دەوڵەت بەرپرسیارێتیی ئەوەی هەیە هەموو منداڵێک ئەو مافانەی هەیەتی بۆی دابین بکرێت.
  • گەورەساڵەکان دەبێت ئەو شتە بکەن کە بۆ منداڵ باشترینە.
  • هەموو منداڵێک مافی هەیە شوناسی تایبەتیی خۆی هەبێت و ئەو کەسە بێت کە هەیە.
  • هەموو منداڵێک مافی هەیە ڕای خۆی دەرببڕێت و کارکردی لەسەر ئەو دۆزانە هەبێت کە سەبارەت بەون.
  • هەموو منداڵێک مافی هەیە ژیانی تایبەتی خۆی هەبێت.
  • هەموو منداڵێک مافی هەیە هیچ کەسێک، نە جەستەیی و نە دەرونیی، زەربەتی لێ نەدات یان بەدئیستیفادەی لێ نەکات.
  • هەموو منداڵێک مافی هەیە بچێت بۆ قوتابخانە و خوێندنی باڵا بخوێنێت.
  • هەموو منداڵێک دەبێت بپارێزرێت لە بەدبەکارهێنانی سێکسیی و بەدئیستیفادە.
  • هەموو منداڵێک کە شتێکی قورس یان زەربەدەری بەسەردا هاتووە، مافی هەیە یارمەتیی بدرێت.

ئەگەر کەسێک ناکۆکیی هەبێت لەگەڵ خانەوادەی خۆی

بۆی هەیە زۆر سەخت بێت بۆ کەسێک منداڵ لە وڵاتێکی جیاتر پەروەردە بکات لەو وڵاتەی کە خۆت تیا گەورە بووە. هەندێک لە دایکوباوکان بەو جۆرە مامەڵە دەکەن کە لە جاران زیاتر کۆنتڕۆڵی ژیانی منداڵەکە دەکەن. جار هەیە خوشکوبراش لە کۆنتڕۆڵەکەدا بەشدار دەبن.

بۆی هەیە خانەوادە یان ژینگەکەی دەوروبەر نیگەرانی ئەوە بن کە خەڵک چی دەڵێت ئەگەر تۆ شتێکی جیاتر بکەیت لەوەی کە ئەوان دەیانەوێت. دۆخێکی وا بۆی هەیە زۆر ماندووکەرانە بێت ئەگەر هیچ کەسێک پشتت نەگرێت و یارمەتییت نەدات. بۆی هەیە هەست بکەیت کە کێش دەکرێیت لەنێوان حەزی خۆت بۆ سەربەخۆیی لەلایەک و، پەیوەندیی باش لەگەڵ خانەوادەکەت لە لایەکی تر.

هەندێک خانەوادە لەڕێگەی قسەکردنەوە لەگەڵ کەسانی تری گەورەساڵدا کە هەمان باکگراوندی ئەوانیان هەیە و ماوەیەکی زۆرتر لە نەرویج ژیاون، یارمەتیی وەردەگرن. خانەوادەی تر هەیە کە لە ڕێگەی چوون بۆ کۆرسی ڕێنمایی دایکوباوکانەوە یارمەتیی وەردەگرن، یان لە نوسینگەی پارێزگاریی لە خێزان، لە دەزگای منداڵپارێزیی، یان لای ناوەندگیر یان کەسی شارەزای ناو ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنیی.

ئەگەر کێشەت لەگەڵ خانەوادەکەت هەیە، ئەوا چەندین چارەسەری مومکین هەیە. بۆ تۆ وەک نەوجەوانێک، عاقڵانەیە بەوە دەست پێ بکەیت کە یەکەم شت لەگەڵ کەسێکی گەورەساڵدا کە جێگەی متمانەت بێت، باسی کێشەکە بکەیت. نموونەی کەسانێک کە دەتوانن یارمەتییدەرت بن ڕێنماییکەرانی کەمایەتییەکانە.

 

ڕینماییکەرانی کەمایەتییەکان

ڕێنماییکەرانی کەمایەتییەکان لە هەندێک قوتابخانەی دیارییکراو لە نەرویج کار دەکەن. ڕێنماییکەرانی کەمایەتییەکان کار بۆ زامنکردنی مافەکانی منداڵان و نەوجەوانان دەکەن لەڕێگەی ڕێنماییکردنی ئەو کەسانەوە کە بۆی هەیە مافەکانیان پێشێل بکرێت. هەروەها یارمەتیی کەسانی لەو جۆرەش دەدەن کە تەمانیان لە سەرووی ١٨ ساڵەوەیە.

بۆی هەیە ڕێنماییکەرانی کەمایەتییەکان کەسانێکی گونجاو بن قسەیان لەگەڵ بکەیت ئەگەر هەست دەکەیت ڕیز لە مافەکانت ناگیردرێت و کەسانێک گوشارت لێ دەکەن شتێک بکەیت کە خۆت ناتەوێت. بۆ نموونە هەڵبژاردنی جۆری خوێندن یان هەڵبژاردنی هاوسەر. هەروەها ئەو منداڵ و نەوجەوانانەش کە ترسی ئەوەیان هەیە بەبێ خواستی خۆیان لەلایەن خانەوادەکانیانەوە ببرێنە دەرەوەی وڵات، دەتوانن لەگەڵ ڕێنماییکەرانی کەمایەتییەکاندا قسە بکەن.

دەتوانیت لەگەڵ ئەوان قسە بکەیت ئەگەر پێتوایە زەحمەتە لەگەڵ خانەوادەکەت پێک بێیت و پێویستت بە رێنماییە سەبارەت بەوەی چۆن بتوانن باشتر لەگەڵ یەک قسە بکەن. هەروەها ڕێنماییکەرانی کەمایەتییەکان زۆر دەزانن سەبارەت بەوەی گەورەبوون لەناو چەند کولتورێکی جیاوازدا چۆنە و ئەوەی هەڵهاتن و کۆچت بینیبێت چۆنە.

ڕێنماییکەرانی کەمایەتییەکان ئەرکی پاراستنی نهێنیی کاریان هەیە، وە ڕێگەپێدراو نییە بۆیان لەگەڵ کەسی تردا باسی تۆ بکەن ئەگەر خۆت نەتەوێت. زۆر کەس بەلایانەوە قورسە لەگەڵ کەسی تری گەورەساڵدا باسی سەختییەکانی ناو خێزانی خۆیان بکەن. تۆ و ڕێنماییکەری کەمایەتییەکان دەتوانن لە سەرەتاوە کاتێک تەرخان بکەن بۆ ئاشنابوون بە یەکتر. تۆ خۆت بڕیار دەدەیت چەندێکی کێشەکان باس دەکەیت، وە چی ڕێنماییەک جێبەجێ دەکەیت.

لە هەندێک حاڵەتی زۆر کەمدا ڕێنماییکەرانی کەمایەتییەکان ناچارن پەیوەندیی بە کەسانی ترەوە بکەن لەپێناو پاراستنی ئەمنییەتی تۆدا. ئەمە بۆی هەیە لەو حاڵەتانەدا ڕوو بدات کە ڕێنماییکەری کەمایەتییەکان ببینێت ژیانت و تەندروستییت لەبەردەم خەتەرێکی هەنوکەییدایە. ئەگەر پێویست بێت ڕێنماییکەری کەمایەتییەکان پەیوەندیی بکات بە کەسانی ترەوە بۆ یارمەتییدانت، هەمیشە پێش ئەوەی پەیوەندیی بکات، پێشوەخت بە خۆت دەڵێت.

ئەگەر دەتەوێت نزیکترین ڕێنماییکەری کەمایەتییەکان بدۆزیتەوە، دەتوانیت پرسیار لە کەسێک بکەیت کە لە قوتابخانەکەت کار دەکات، یان سەیری ئەم لیستە بکە لێرەدا. IMDi minoritetsrådgivere på ungdomsskoler og videregående skoler | IMDi

شوێنی تر کە دەتوانیت یارمەتیی لێ وەرگریت

زۆر هەن کە دەتوانن یارمەتییت بدەن، ئەمانەی خوارەوە هەندێکیانن:

  • پەرستاری تەندروستیی: ئەرکی پاراستنی نهێنیی کاری هەیە، وە دەتوانێت سەبارەت بە زۆر شت قسەت لەگەڵ بکات. لەوانە: گرفتی تەندروستیی، سوڕی مانگانە، گرفتی کەمخەویی، گرفتی لەناو خانەوادەکەتدا، ژیانی سێکسیی، ناسنامەی سێکسیی، وە گرفتی جەستەیی یان دەرونیی پاش خەتەنەکردن.
  • پزیشکی جێگیر: ئەرکی پاراستنی نهێنیی کاری هەیە، وە دەتوانێت سەبارەت بە گرفتی تەندروستیی قسەیان لەگەڵ بکەیت. دەکرێت باسی گرفتی جەستەیی یان دەرونیی پاش خەتەنەکردنیان لەگەڵ بکەیت، یان گرفت لەناو خانەوادەکەتدا، یان ژیانی سێکسیی و ناسنامەی سێکسیی.
  • مامۆستاکەت: ئەرکی پاراستنی نهێنیی کاری هەیە. مامۆستاکەت کەسێکە کە دەتوانیت پشتی پێ ببەستیت و هەموو ڕۆژە دەیبینیت. مامۆستاکەت دەتوانێت لەوەدا یارمەتییت بدات بتنیرێت لەگەڵ کەسی تردا قسە بکەیت. هەروەها دەتوانیت لەگەڵ کارمەندەکانی تری قوتابخانەکەتدا قسە بکەیت، بۆنموونە ڕینماییکەر یان کارگەری ژینگە.
  • دەزگای منداڵپارێزیی: منداڵپارێزیی کاری ئەوەیە کە یارمەتیی و پاڵپشتیی بدات بە منداڵ، بە نەوجەوانی خوار تەمەن ١٨ ساڵ، وە بە خانەوادەکانیان کاتێک قورساییان هەیە لە ماڵەوە. مەسئولییەتی دایک و باوکە منداڵەکەیان بەخێو بکەن. بەڵام ئەگەر دایک و باوک بە شێوەیەکی کافیی نەیانتوانی ئەو ئەرکەی خۆیان بەجێ بگەیەنن، دەبێت دەزگای منداڵپارێزیی یارمەتییان بدات بۆ ئەوەی منداڵەکان و نەوجەوانەکان بەخێو بکرێن و هەستی ئەمنییەت و دەرفەتی گەشەکردنیان بۆ بڕەخسێنرێت.
  • شێڵتەر: شێڵتەرەکان شوێنی ئارام و پارێزراون کە دەتوانیت لێی بژیت ئەگەر تەمەنت سەرووی ١٨ ساڵ بێت و توندوتیژیی لەبەرامبەردا بەکار هاتبێت و پێویستت بە پاراستن هەبێت. بۆ بینینی لیستی سەنتەرە نزیکەکان لە تۆوە، سەیری ئەم لیستە بکە لێرەدا: . Krisesenter nær deg – Krisesentersekretariatet

چەند ماڵپەرێکی ئەلکترۆنیی بە زمانی جیاواز

ژمارەی ئەو زمانانەی ئەم سایتانە بۆی وەرگێڕدراون، لە زمانێکەوە بۆ زمانێک دەگۆڕیت.

١. ئەگەر توندوتیژییت بەرامبەر دەکرێت و کۆنتڕۆڵ دەکرێیت، دەتوانیت لێرەدا چەندین ڕینمایی بخوێنیتەوە سەبارەت بەوەی چی بکەیت: Languages - Dinutvei.no

٢. ئەمە ماڵپەڕێکە کە بۆ ئەو حاڵەتە بەکار دێت کە ڕاتکردبێت یان بارت کردبێت بۆ نەرویج و ئێستا خەیاڵ و بیرکردنەوەی قورس سەغڵەتی کردوویت و گرفتی کەمخەوییت هەیە: SteadyEnglish | sosialarbeidere

٣. لێرەدا زانیاریی هەیە سەبارەت یارمەتییدانی تەندروستیی لە حاڵەتی خەتەنەکراوییدا: Helsekonsekvenser og helsehjelp etter kjønnslemlestelse - Helsedirektoratet

٤. لێرەدا دەلیلێکی ڕێپیشاندان هەیە بە چەندین زمان بۆ منداڵ لەناو کولتوری جیاوازدا پەروەردە دەکەن: Identitet og tilhørighet - Voksne for Barn (vfb.no)

٥. ئەمە ماڵپەڕی ئەلکترۆنیی ڕێکخراوێکە کە یارمەتیی کۆچکردووان و پەنابەران دەدات لە دەستخستنی وەڵامدا بۆ هەر پرسیارێک هەیانبێت، هەر لە پرسیار سەبارەت بە ڕوخسەتی نیشتەجێبوونەوە تا پرسیار سەبارەت بە ناکۆکیی ناو خانەوادە: DO YOU NEED HELP ? | SEIF (wpcomstaging.com)

ئەگەر پرسیارت هەیە سەبارەت بە جۆری حەزی سێکسییت، ئەوا ئەم ماڵپەڕە ماڵپەڕی ڕێکخراوێکە کە کار لەسەر ئەو بابەتە دەکات: Skeiv Verden - Queer World — Skeiv Verden

 

چەند ژمارە تەلەفۆنێکی گرنگ

زۆر هەن کە دەتوانن یارمەتییت بدەن، ئەمانەی خوارەوە هەندێکیانە:

  • خەتەری هەنوکەیی بۆ سەر ژیان و تەندروستیی: 113
  • پۆلیس: 112 لە حاڵەتی یارمەتیی هەنوکەیی، هەروەها 02800 لە حاڵەتی ڕووداوی کەمتر خەتەردا.
  • پزیشکی ئێشکگری نیشتیمانیی: 116117

ئەم ژمارەیە ژمارەیەکی نیشتیمانییە کە ئەگەر کاتێک تەلەفۆنی بۆ دەکەیت، خۆی دەتباتەوە بۆ پزیشکی ئێشکگر لە ناوچەکەی خۆت.

  • تەلەفۆنی ئینزار بۆ منداڵ و نەوجەوانان: 116123
  • تەندروستیی زیهنیی: 116111
  • هێڵی توندوتیژیی و دەستدرێژیی: 116006

ئەمە هێڵێکی یارمەتییدانە بۆ تۆ کە توندوتیژیی یان دەستدرێژییت دەکرێتە سەر لەلایەن کەسە نزیکەکانی خۆتەوە.

  • ژمارەی خزمەتگوزاریی بەهاناوەهاتنی کەنیسە (Kirkens SOS): 22 40 00 40
  • خۆبریندارکردن و خەتەری خۆکوشتن: 815 33 300. ئەمە تەلەفۆنێکی قەیرانە کە شەو و ڕۆژ کراوەیە.
  • ژمارەی ڕێکخراوی خاچی سوور سەبارەت بە زەواجی بەزۆر و خەتەنەکردن: 815 55

ئایا هیچ پرسیارێکت هەیە، یان خواستێکت هەیە بۆ ئەم ماڵپەڕە؟

ئێمە کە لێرەدا دەنووسین، ئێمەش لەگەڵ نەوجەواناندا کار دەکەین. پێمان خۆشە گوێمان لێ بێت ڕات چییە لەسەر ئەو شتانەی لە ماڵپەڕی نورا-دا دەیانخوێنیتەوە، وە پێت خۆشە لەسەر چی زیاتر بخوێنیتەوە. دەتوانیت لەڕێگەی ئەم ئادرێسی ئیمەیڵەوە ئیمەیڵمان بۆ ببێریت: (nora@imdi.no).